سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار چیتر قبووڵکراو نییە


وێستگەنیوز-

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هاتە دەنگ و دەڵێت، "دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار چیتر قبووڵکراو نییە".


ئەمشەو هەینی 27ی ئاداری 2026، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار چیتر قبووڵکراو نییە، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە راستەوخۆکانی لەسەر سەقامگیری دەوڵەت و کارکردنی دروستی دامەزراوەکانی، لە کاتێکدا عێراقییەکان تامەزرۆی ئەوەن ئەم پابەندبوونە دەستوورییە بەجێبهێنرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "کاتێکی پێویست بۆ گەیشتن بە کۆدەنگی و هەڵبژاردنی کاندیدێکی گونجاو دراوە، بەڵام دواکەوتنی بەردەوام سنووری قبوڵکراوی تێپەڕاندووە، بۆیە ئەنجومەنی نوێنەران بەرپرسیارێتی دەستووری خۆی لە ئەستۆ دەگرێت و بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە".

هەیبەت حەلبوسی دەڵێت، "لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی روونین، تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە بەگوێرەی دەستوور، هەروەها هەڵبژاردنی کەسایەتییەک کە نوێنەرایەتی هەمووان بکات، شایەنی متمانەی گەلی عێراق بێت و سەقامگیری بۆ کارکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە".


PM:10:34:27/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت