فایەق زێدان: راگەیاندنی باری جەنگ یەکێکە لە مەترسیدارترین بڕیارە سەروەرییەکان


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایدەگەیێنێت، راگەیاندنی باری جەنگ یەکێکە لە مەترسیدارترین بڕیارە سەروەرییەکان کە تەنیا لەدەست دەوڵەتدایە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بۆ بڕیاردانی تاکلایەنە لە پرسی جەنگ و ئاشتی دا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە.


ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە وتارێکدا کە لە پەڕەی فەرمی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە، "دەستووری عێراق پرسی راگەیاندنی جەنگی بە وردی رێکخستووە تاوەکو رێگری لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بگرێت و هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی دەوڵەت و پارێزگاریکردن لە سیستمی دیموکراتی دروست بکات".

ئاماژە بەوەدەکات، "ناکرێت ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی تاکلایەنە یان هەڕەمەکی بدرێت، بەڵکو بەپێی مادەی 61ی دەستوور، راگەیاندنی باری جەنگ یان باری نائاسایی لەسەر بنەمای داوایەکی هاوبەشی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران دەبێت و پاشان پێشنیازەکە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسندکردن".

فایەق زێدان دەڵێت، "هەوڵی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بۆ بڕیاردانی تاکلایەنە لە پرسی جەنگ و ئاشتی دا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەروەریی دەوڵەت و سەقامگیریی کۆمەڵگە و دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی یاسایی و ئەمنی".

دەشڵێت، "ئەنجامدانی چالاکیی جەنگی لەلایەن ئەم گرووپانەوە پێشێلکردنی راشکاوی دەستوورە، چونکە ئەم مافە تەنیا بۆ دەسەڵاتە دەستوورییە شەرعییەکانە کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەل دەکەن و کاتێک گرووپەکان ئەم بڕیارە دەدەن، هەیبەتی دەوڵەت لاواز دەکەن و بنەمای سەروەریی یاسا پێشێل دەکەن".

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری روونی دەکاتەوە کە ئەم بڕیاردانە تاکلایەنە دەبێتە هۆی "هەمەلایەن کردنی چەقەکانی بڕیاردانی سەربازی، کە دۆخی پشێوی و ناسەقامگیری دروست دەکات و رەنگە وڵات پەلکێشی نێو ململانێی ناوخۆیی یان هەرێمی بکات بەبێ هەبوونی کۆدەنگیی نیشتمانی".

فایەق زێدان وتی، "بڕیارە نافەرمییەکان بۆ جەنگ، رەنگە دەوڵەت رووبەڕووی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی یان سزای جۆراوجۆر بکاتەوە بەهۆی رەفتارگەلێک کە لەژێر کۆنتڕۆڵی یاسادا نین، ئەمەش متمانەی نێوان هاوڵاتی و دەوڵەت لاواز دەکات".

وتیشی، "ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتییان لە ناو بارودۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێدا بژین و کەرتی ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش پەک بخات".


AM:09:59:27/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت