فالح فەیاز كێیه‌ کە لە دەست سەدام و ئەمریکییەکان ڕزگاری بوو


وێستگەنیوز-

سەرەڕای ده‌ركه‌وتنه‌ "خاكی و هێمنه‌كه‌ی" فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەڵام زۆر کەس و لەنێویاندا نەیارەکانیشی، وەک کەسایەتییەکی "فێڵباز" و خاوەن توانایەکی بێوێنە لە "قۆستنەوەی دەرفەتەکان" و ئەنجامدانی جەنگی "تووند" دژی دوژمنانی، دەیناسێنن.

هەر ئەمەش وای لێکردووە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ، لە ترۆپكی دەسەڵاتی دەستەی حەشدی شەعبیدا بمێنێتەوە، سەرەڕای بوونی جەمسەرگیری و ململانێیەکی توندی باڵە جیاوازەکانی ناو ئەو دەستەیە.

دوێنێ سێ شه‌ممه‌، ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦، هێرشێکی ئاسمانی کە پێدەچێت ئەمریکی بێت، له‌ گەڕەکی عەرەبی شاری مووسڵ، خانوویەکی کردە ئامانج، ئه‌م خانووه‌ له‌لایه‌ن فالح فه‌یازه‌وه‌ بەکارده‌هێنرا.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە ناوبراو لە کاتی هێرشەکەدا لەو شوێنە نەبووە.

فالح فەیاز کێیە؟

فالح فەیاز ساڵی ١٩٥٦ لە بەغدا لەدایکبووە، ساڵی ١٩٧٧ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی کارەبا لە زانکۆی مووسڵ بەدەستهێناوە. ئەو سەر بە عەشیرەتی ئەلبوعامر (ئەلبوخەمیس)ه‌، لە ناوچەکانی ڕاشدیە و تارمیە، لە باکووری بەغدا، خاوەنی زەوییەکی کشتوکاڵیی بەرفراوانن.

دەگوترێت ئەم پەیوەندییە عەشایەرییە، بووەتە هۆی ئەوەی لە سەردەمی حزبی بەعسدا، لە سێدارەدان ڕزگاری بێت؛ چونکە خێزانەکەی پێگەیەکی باشیان لای سەدام حسێنی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق هەبووە.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كرێت، له‌ سه‌ردانێكی خێزانیدا، سه‌دام فرمانی دەرکردووه‌ سزاکەی لە سێدارەدانەوە- کە ساڵی ١٩٨٠ بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حزبی "دەعوە"ی قەدەغەکراو بەسەریدا سەپێنرابوو- بگۆڕدرێ بۆ ٢٠ ساڵ زیندانی.

فەیاز دوای ساڵی ٢٠٠٣، به‌خێرایی دەستی بە کاری سیاسی کرد و چووە ناو ڕەوتی ئیبراهیم جەعفەری، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، بەڵام پێگەیەکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا، تا ئەو کاتەی چووە ناو بەڕێوەبردنی دەزگا ئەمنییەکانەوە، لە ڕێگەی ڕاوێژکاری "ئاسایشی نیشتمانی" و پاشان "حەشدی شەعبی".

لە ساڵی ٢٠١٤دا، هاوکات لەگەڵ دەرچوونی فەتوای "جیهادی کیفائی" لەلایەن عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعه‌كان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، فەیاز ڕاسپێردرا بۆ سەرۆکایەتی "لیژنەی حەشدی شەعبی"، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو هێشتا ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌ فەرمیی پێكنه‌هاتوبوو.

پاشان لە ساڵی ٢٠١٦، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق "یاسای دەستەی حەشدی شەعبی" پەسەند کرد، فه‌یاز بە ڕەسمی لە پۆستەکەی جێگیرکرا.
فەیاز پێشتر پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی هەبوو، ئه‌مه‌ پێش ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوو، لە ساڵی ٢٠١٨دا لەو پۆستە لایببات.

دواتر له‌ ساڵی ٢٠٢٠دا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشوو، فەرمانێکی دیوانی دەرکرد بۆ دووبارە ڕاسپاردنەوەی فالح فەیاز، وەک سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئه‌مه‌ دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک، بە وەکالەت ئەو پۆستەی بەڕێوە دەبرد.

سەرەڕای ململانێ ناوخۆییەکانی دەستەکە، لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی، بەتایبەت ئەو دژایەتییە ئاشکرایەی "عەسائیبی ئەهلی حەق" بەرامبەر فەیاز نیشانیان دەدا، هه‌روه‌ها سەرەڕای سزاكانی ئه‌مریكا کە لە ساڵی ٢٠٢١دا، بە تۆمەتی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، بەسەریدا سەپێنرا، فەیاز هێشتا هه‌ر لەسەر عه‌رشی "دەستەی حەشد" ماوەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان لە ژیانی فەیاز دەڵێن، ئەو پێگە ئەمنی و سیاسییەی، لە پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی، لەگەڵ ئێرانییەکان و قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی "فەیلەقی قودس"ەوە بەدەستهێناوە.
بەپێی سەرچاوەکان، فەیاز بەهۆی پێگە سەرەکییەکەی لەناو حەشدی شەعبیدا، سەرکەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی دارایی، لە ڕێگەی هاوبەشی و گرێبەستی جۆراوجۆرەوە.

هەروەها سەرکەوتنی لە پێکهێنانی حەشدی عەشایەری (سوننە) و قۆرخکردنی دڵسۆزییان، وای لێکردووە "بوونێکی سیاسی لە پارێزگا سوننەکاندا بۆ خۆی دروست بکات، بەتایبەتی لە پارێزگای نەینەوا و شاری مووسڵ".

سەرچاوەکان جەخت له‌وه‌ دەکەنەوە، فەیاز توانیویەتی سوود لەو حەشدە عەشایەرییانە وەربگرێت کە زۆرجار سەر بە یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان یان سیاسییەکی سوننەن، بەو پێیەی ئەوان دڵسۆزیی خۆیان بۆ فەیاز نیشان دەدەن، وەک پیاوێک توانای دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی بۆ ئەو کەسایەتییانە هەیە.

لە ڕێگەی ئەو تۆڕی پەیوەندی و دڵسۆزییەی کە لەناو شارە زۆرینە سوننەکاندا، لەوانە نەینەوا، دروستی کردووە، فەیاز به‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی سیاسی ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی كه‌م نییه‌، بووەتە دیارترین کاراکتەری سیاسی ئه‌و ناوچه‌یه‌.

بەڵام نەیارەکانی تۆمەتباری دەکەن بە هەژموون و دەستبەسەرداگرتنی زۆربەی پڕۆژە و وەبەرهێنانەکانی شاری مووسڵ، هەروەها تۆمەتباری دەکەن بەوەی "دەستەی حەشد"ی بەکارهێناوە بۆ دامەزراندنی زۆربەی کوڕانی عەشیرەتەکەی خۆی لە شوێنە هەستیارەکانی ناو دەستەکەدا.


PM:03:20:25/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت