عێراق سکاڵا لەسەر هێرشکارانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی تۆمار دەکات
وێستگەنیوز-
حكومه‌تی عێراق دەستیکردووە بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەوانه‌ی بەرپرسن لە بۆردومانی هێزەکانی حه‌شدی شه‌عبی و بارەگای هێزە ئەمنییەکان.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، 19ی ئازاری 2026، سەباح نو‌عمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، پشتڕاستی کردەوە حکومەت ڕێکاری یاسایی لە دژی ئەو کەسانە دەستپێکردووە، کە بەرپرسن لە بۆردومانکردنی هێزەکانی حه‌شدی شه‌عبی و بارەگاکانی تری هێزە ئەمنییەکان.
سه‌باح نو‌عمان لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاند "بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە خیانەتکارانە و ترسنۆکانەمان کرد، کە بارەگای هێزەکانی حه‌شدی شه‌عبی کردووه‌ته ئامانج".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "حه‌شدی شه‌عبی دامەزراوەیەکی ئەمنی فەرمی حکومەتە و ئەرکەکانی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و پاراستنی عێراق جێبەجێ دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هێرشەکە ناڕەوایە، ئێمەش دەستمان بە ڕێکارە یاساییەکان کردووە، بەرامبەر بەو کەسانەی بەرپرسیارن لە لەدەستدانی گیانی پاڵەوانەکانی هێزەکانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکەمان".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ده‌ڵێت:" فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ سەردانی کەسوکاری شەهیدان و پشکنینی بارودۆخی بریندارەکان، هەروەها بەدواداچوون بۆ بارودۆخی بریندارەکان دەکات و سه‌رۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ڕێنمایی داوە کە پشتیوانی تەواو و چاودێری پزیشکی بۆ برینداره‌كان دابین بكرێت، له پێناو دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ته‌ندروستی بریندارەکان و چاکبوونەوەی تەواوه‌تییان".
PM:04:54:19/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 248
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت