سودانی بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە
وێستگەنیوز-
سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئاداری 2026، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "ئەمڕۆ یادی ئەو تاوانانە دەکەینەوە کە رژێمی بەعسی (سەدام)ی تاوانبار بەرامبەر بە گەلی عێراقی بەڕێزمان ئەنجامی دا، ئەو تاوانانە لە سەرانسەری خاکی وڵات بڵاو بوویەوە و بووە هۆی شەهیدبوونی هەزاران کەس لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ڕاپەڕینی شەعبانییە و کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال و تیرۆرکردنی زانایان و بەئامانجکردنی هێزە ئایینی و نیشتیمانییەکان، ئەمانە پەڕەی خوێناویین لە مێژووی عێراقدا، ئەرکی دڵ سۆزی بۆ شەهیدان و پاراستنی یادەوەری نیشتیمان و بنیاتنانی ئایندەیەکی شایستە بە قوربانیدانی ئەوانمان بەبیر دەهێنێتەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "سەرەڕای ئەم قوربانییە مەزنانە، عێراقییەکان لە دوای ڕووخانی دیکتاتۆرییەتەوە بەردەوام بوون لە قوربانیدان لە پێناو نیشتمانەکەیان و ڕووبەڕووی کردەوەی تیرۆرستی و تاوانکاری سیستماتیکی پاشماوەکانی دیکتاتۆریزم و ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بوونەوە، کە نوێنەرایەتی درێژەپێدەری تاوانەکانی ڕژێمی لەناوچووی دەکرد".
سودانی وتی، "لە کاتی بەبیرهێنانەوەی ئەم تاوان و قوربانیدانە، ئێمە بە ڕێز و شانازییەوە لەبەردەمیاندا ڕادەوەستین، چونکە بووە هۆی بەدیهێنانی ئازادی بۆ وڵاتەکەمان و شکۆ بۆ گەلە سەربەرزەکەی، کە ئەمڕۆ لە سایەی سیستەمێکی دیموکراسی فرەییدا دەژین کە هەموو مافە دەستووری و یاساییەکانی دەستەبەر کردووە".
وتیشی، "بەڵێن بە ڕۆڵەکانی نیشتمانە خۆشەویستەکەمان لە سەرانسەری وڵات دەدەین، کە بەردەوام دەبین لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و پاراستنی ئازادییە گشتی و تایبەتەکان و پاراستنی سەروەری وڵاتەکەمان و ڕێگە نەدان بە گەڕانەوەی دیکتاتۆریەت لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی عێراق، ڕووڕەشی و شەرمەزاری بۆ دیکتاتۆریەت و هاوکارە تاوانبارەکانی".
PM:03:18:16/03/2026
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت