وەزیری نەوتی عێراق: لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر هەناردەکردنی نەوت نەگەیشتووەینەتە رێککەوتن
وێستگەنیوز-
وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی پشت بەهێڵی گواستنەوەی نەوتی کەرکوک- تورکیا دەبەستن، ئاماژە بەوەشدەکات، تائێستا رێککەوتنمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئاداری 2026، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "لە دوای داخستنی گەرووی هورمز کاردەکەین بۆ تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی کەرکوک- تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی راستەوخۆی نەوت بۆ بەندەری جەیهان".
ئاماژەی بەوەکرد، "پێشتر عیراق ڕۆژانە بڕی 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکرد، بەڵام دوای داخستنی گەرووی هورمز ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمیکردووە و لەئێستا رۆژانە بڕی 1.5 بۆ 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت".
وەزیری نەوتی عێراق وتی، "دانوستانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی رێگە بدەن رۆژانە 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک لە رێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتن".
وتیشی، "دەستمانکردووە بە هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری بانیاس لە سوریا و عەقەبە لە ئوردن، بەهۆی نەبوونی بۆری، لە چەند رۆژی داهاتوودا کێبڕکێ (تەندەر) بۆ گواستنەوەی نەوت بە تانکەر بۆ ئەو دوو وڵاتە رادەگەیەنرێت".
راشیگەیاند، "بەهۆی ئەم دۆخەوە، کارکردن لە بەشێکی زۆری کێڵگە نەوتییەکان راگیراوە، لەوانە، (قورنەی یەک و دوو، مەجنوون، فەیحا، حەلفایە و بوزورگان)، لە ئێستادا لە ناوچەی باشوور تەنها هەردوو کێڵگەی (رومێلەی باکوور و زوبێر) لەگەڵ کێڵگەی گازی سیبە لە کارکردن بەردەوامن، ئەوەش بەمەبەستی دەرهێنانی غازی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا".
وەزیری نەوتی عێراق دڵنیایی دا بە هاوڵاتییان کە سەرجەم پاڵاوگەکان بە توانای تەواوی خۆیان کاردەکەن بۆ دابینکردنی بەرهەمە سپییەکانی وەک (بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و غازی شلی ماڵان LPG).
جەختی لەوەشکردەوە، "رۆژانە 6 هەزار تۆن غازی ماڵان بەرهەم دەهێندرێت و وڵاتەکە خاوەنی یەدەگێکی ستراتیژیی غازی ژێرزەوییە کە بڕەکەی زیاتر لە 50 هەزار تۆنە و لە کاتی پێویستدا دەخرێتە بازاڕەوە".
PM:01:40:16/03/2026
ئهم بابهته 256
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت