بافڵ تاڵەبانی و هومام حەمودی: ئەمریكا رێگەی دانوستان و دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران تەواو نەكرد و هەڵخلیسكا بۆ بژاردەی شەڕ


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ هومام حەمودی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق كۆبووەوە.


بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق، لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی پەرەسەندنە مەترسیدارەكانی ناوچەكە بەهۆی دەستدرێژی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و بڵاوبوونەوەی شەڕەكە بۆ وڵاتانی ناوچەكە گفتوگۆیان كردووە.

ئاماژە بەوەکراوە، هەردوولا نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لەوەی ئەمریكا رێگەی دانوستانی دیپلۆماسی تەواو نەكردووەو هەڵخلیسكاوە بۆ بژاردەی شەڕ، سەرباری ئەوەی كە دەرفەتی ئاشتی هەبووە.

هومام حەمودی هۆشداری دا لە "لێكەوتە وێرانكەر"ەكانی جەنگ و رەنگدانەوەی لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەكە لەڕووی ئەمنی و ئابووری و سیاسییەوە، كە بە وتەی ئەو كاریگەرییەكەی دەگاتە هەموو جیهانیش.

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی داوای گەڵاڵەكردنی هەڵوێستێكی هەرێمایەتی كرد دژ بە زمانی هێزو هەژمونگەریی، هەروەها داوای دەستوەردانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی كردووە بۆ سەركۆنەكردنی دەستدرێژی و بانگەواز بۆ راگرتنی دەستبەجێی جەنگ.


PM:05:14:28/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت