وەزارەتی دەرەوەی عێراق: دۆسیەی شنگال پرسێکی تەواو نیشتمانییە و رێگە نادرێت هیچ لایەنێکی دەرەکی دەستێوەردانی تێدا بکات


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە لەبارەی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و رایدەگەیەنێت، دوای لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی تورکیامان لە بەغدا بانگهێشت کرد.


ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە و رایگەیاند، "ئەو جۆرە لێدوانانە بە سوکایەتی بۆ سەر پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات و دەستێوەردانێکی ئاشکرا لە کاروباری ناوخۆی عێراق دادەنرێت".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی، "دۆسیەی شنگال پرسێکی تەواو نیشتمانییە" و رێگە نادرێت هیچ لایەنێکی دەرەکی دەستێوەردانی تێدا بکات".

لە لایەکی دیکەوە و لە کاردانەوەی ئەم گرژییە دیپلۆماسییەدا، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، لێدوانەکانی هاکان فیدان "بە وردی وەرگێڕانی بۆ نەکراوە"، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی لێک تێگەیشتنی هەڵە لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا.

هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (CNN TÜRK) رایگه‌یاند، "لە سوریا ئەگەر دەرفەت هەبێت، بەدیل هەبێت، گەلی کورد لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە سەیری دەکات، وەک ئەوەی لە تورکیا هەیە".

ئاماژەی بەوەکرد، "پێم وایە کاتێکی زۆر ناخایەنێت کە لە ناوچه‌كانی‌ (شنگال-مەخموور-قەندیل) گۆڕانکاریی روودەدات".


PM:01:49:11/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو