عێراق و ئەمریكا جەختيان لە گرنگی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری دارایی و ئابووریی عێراق كردەوە
وێستگەنیوز-
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و جۆشوا هاریس هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە و دۆخی دارایی و فرۆشتنی دۆلاریان تاوتوێ کرد.
بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات کردووە و جەخت لە گرنگی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری دارایی و ئابووریی عێراق کراوەتەوە بە شێوەیەک کە لەگەڵ خواستی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراق بگونجێت.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، "جۆشوا هاریس جەختی لە پەرۆشی ئەمریکا کردووەتەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەموو پاڵپشتییەک کە ببێتە هۆی دەستەبەرکردنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی عێراق لە هەر هۆکارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی دۆخەکە."
پارێزگاری بانکی ناوەندی لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لە پلانی چاکسازیی بانکی و ئەو بەرەوپێشچوونانە کردووە کە لە سەقامگیریی حەواڵەی دەرەکی و رێکخستنی فرۆشتنی دۆلاردا بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەدیهاتوون.
بەگوێرەی بانکی ناوەندیی عێراق، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی عێراق بە شێوەیەک کە بتوانێت ئامانجەکانی بەدیبهێنێت لە بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی.
AM:09:59:06/02/2026
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت