چوارچێوەی هەماهەنگی داوا دەکات لە زووترین کاتدا پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق یەکلابکرێتەوە
وێستگەنیوز-
چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە لایەنەکان دەکات لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق رێکبکەون ئەگەرنا ئەندامانی پەرلەمان ئازاد دەبەن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
ئەمشەو چوارشەممە 4ـی شوباتی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان کردەوە، بەو شێوەیەی کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە ڕێوشوێنی پێویست و خۆپارێزیی زیاتر بگرنەبەر و لە هەمان کاتدا ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن بنوێنن بەرانبەر هەر جۆرە ئیستیفزازێک، ئەمەش بە ئامانجی بڕینی رێگە لە هەر هەوڵێک کە وەک بەهانە بەکاربێت بۆ بەئامانجگرتنی عێراق یان تێکدانی سەقامگیریی وڵاتەکە.
هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیکردەوە، خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک بەکاربهێنرێت.
سەبارەت بە دۆخی سیاسی و پەککەوتنی دامەزراوەکان، لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەردەوامیی ئەم دۆخە و پەکخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، لەگەڵ قەبارەی ئەو ئاڵنگارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییانەدا ناگونجێت کە دەوری وڵاتیان داوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا و سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار، چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە، کە پێویستە ئەم دۆسیەیە لە ماوەیەکی کورتدا یەکلایی بکرێتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاری داوە کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پەرلەمانتارانی چوارچێوەکە ئازاد و سەرپشک بن لە هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان دەکات گرنگی بەو پێشنیازانە بدەن کە شاندەکەیان لە سەردانی ئەم دواییەیدا بۆ هەرێم پێشکەشی کردوون، بە ئامانجی خێراکردنی ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی.
PM:10:51:04/02/2026
ئهم بابهته 196
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت