مارك ساڤایا له پۆسته‌كه‌ی لابرا؟ روونكردنه‌وه ده‌دات
وێستگه‌نیوز –
رۆژنامه‌نووس ئه‌مبرین زه‌مان، گه‌وره په‌یامنێری پێگه‌ی ئه‌لمۆنیتۆری ئه‌مریكی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه مارك ساڤایا، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ عێراق ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه كه سه‌باره‌ت به دوورخستنه‌وه‌ی له پۆسته‌كه‌ی بڵاوبوونه‌ته‌وه.
به‌وته‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه، ساڤایا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه ئه‌وه‌ی تا ئێستا ڕوویداوه ته‌نها هه‌ژماره كه‌سییه‌كه‌ی له پلاتفۆڕمی "ئێكس" داخراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی فه‌رمی له‌وباره‌وه بدرێت.
ئه‌مبرین زه‌مان له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا له پلاتفۆڕی "ئێكس"ی خۆی رایگه‌یاند كه په‌یوه‌ندی به مارك ساڤایاوه كردووه، ئه‌ویش هه‌موو ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه كه باس له دوورخستنه‌وه‌ی له پۆسته‌كه‌ی ده‌كه‌ن.
به‌وته‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه، ساڤایا باسی له‌وه كردووه كه "ئه‌و هه‌واڵانه له‌لایه‌ن ئه‌و هه‌ژمارانه‌ی په‌یوه‌ستن به گروپه‌كانی سه‌ر به ئێرانه‌وه بره‌وی پێده‌درێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاماده‌نه‌بوونی نوێنه‌ری ئه‌مریكا له گۆڕه‌پانی عێراقدا".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه ساڤایا بۆی روونكردووه‌ته‌وه كه هێشتا رێكاره كارگێڕییه‌كانی په‌یوه‌ست به ئه‌ركه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات و چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌م پرۆسه‌یه به‌م زووانه كۆتایی پێبێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه به فه‌رمی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌مریكاوه به‌رده‌وامه له كاره‌كه‌ی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و مشتومڕانه‌ی كه به‌هۆی ده‌نگۆكانی ئه‌م دواییه‌وه دروست بوون.
ڕه‌تكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه دوای ئه‌وه هات كه له چه‌ند كاتژمێری رابردوودا له پلاتفۆڕمی ئێكس باس له "دوورخستنه‌وه‌ی" ساڤایا له پۆسته‌كه‌ی ده‌كرا، ئه‌مه‌ش به پشتبه‌ستن به داخستنی ئه‌كاونته‌كه‌ی له‌سه‌ر پلاتفۆرمه‌كه.
تا ئێستا نه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و نه كۆشكی سپی هیچ بڕیارێكی فه‌رمییان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته رانه‌گه‌یاندووه.
AM:10:34:30/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 6284
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت