مارکۆ روبیۆ بۆ سودانی: حکومەتێک لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ کرابێت، ناتوانێت هاوبەشی نێوان بەغدا و ئەمریکا پێش بخات
وێستگەنیوز-
سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بە سودانی دا.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ی کانونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەمەد شياع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، مارکۆ روبیۆ ستایشی دەستپێشخەری و سەرکردایەتیی حکومەتی عێراقی کردووە لە پەلەکردن لە گواستنەوە و دەستبەسەرکردنی "تیرۆریستانی داعش" بۆ دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، ئەمەش دوای ئەو ناسەقامگیرییەی لەم دواییانەدا رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێی هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانیان کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی وڵاتان بە خێرایی هاوڵاتییەکانیان لە عێراق وەربگرنەوە و رادەستی دادگایان بکەن.
پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تەوەرێکی دیکە گفتوگۆکەی نێوان سودانی و مارکۆ رۆبیۆ بووە، روبیۆ پەیامێکی روونی ئاراستەی سودانی کردووە و جەختی کردووەتەوە، "حکومەتێک لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ بکرێت، ناتوانێت بە سەرکەوتوویی بەرژەوەندییەکانی عێراق لە پێشینەدا دابنێت، یان عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان بەدوور بگرێت".
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، "حکومەتێکی لەو شێوەیە ناتوانێت ئەو هاوبەشییە بەرەوپێش ببات کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا و لە نێوان ئەمریکا و عێراقدایە".
هەردوولا پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردووەتەوە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت بە تەواوی رۆڵی خۆی وەکو هێزێک بۆ سەقامگیری، خۆشگوزەرانی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگێڕێت.
AM:09:42:26/01/2026
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت