سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: دیاریکردنی 90 ملیۆن دینار بۆ خانەنشینیی سەرۆک کۆمار دوورە لە راستییەوە


وێستگەنیوز-

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دیاریکردنی مووچەی خانەنشینیی لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن بە 90 ملیۆن دینار.

لە روونکردنەوەیەکدا سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، "بە تووندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە و باس لەوە دەکەن، گوایە لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق سوپاسی وەزارەتی دارایی کردووە لە بەرامبەر دیاریکردنی مووچەی خانەنشینییەکەی بە 90 ملیۆن دیناری مانگانە".

ئاماژە بەوەکراوە، "ئەو هەواڵە بە تەواوی لە راستییەوە دوورە و هیچ بنەمایەکی نییە، نە لەلایەن سەرۆک کۆمار و نە لەلایەن هیچ دامەزراوەیەکی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بڵاونەکراوەتەوە و هیچ دیدار و پەیوەندییەکیش لەگەڵ وەزارەتی داراییدا نەکراوە".

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، "ئەمە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چەواشەکاریی بەئەنقەستدایە کە لایەنی ترسنۆک و گەندەڵ لەپشتیەوەیە و ئامانج لێی ناوزڕاندنی سەرۆک کۆمار و دامەزراوەکانی دەوڵەت و وروژاندنی رای گشتییە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی درۆ".

سەرۆکایەتی کۆمار داواش لە داوای لە میدیا و هاووڵاتییان کردووە، زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و دەشڵێت، "مافی خۆمانە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە بگرینەبەر کە ئەو جۆرە درۆیانە بڵاودەکەنەوە".


AM:09:53:02/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت