هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنکەی عەین ئەسەد رادەستی هێزە عێراقییەکان دەکەنەوە


وێستگەنیوز-

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ گێڕانەوەی تەواوەتیی سەروەریی ئەمنی، وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بنکەی ئاسمانیی "عەین ئەسەد" ئاشکرا کرد.


ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی کانوونی یەکەمی 2025، فەریق یەکەمی روکن قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند، "رێکارەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی "عەین ئەسەد" لە رۆژئاوای عێراق گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا بە فەرمی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سێ مانگ لەمەوبەر یەکلایی بووەتەوە و ئێستا هیچ ئەندامێکی بیانی لەناو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا نەماوە".

باسی لەوەشکرد، "حکومەتی عێراق پەنای بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی دووقۆڵی بردووە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی هاوکاری لە بوارەکانی مەشق، پاڵپشتیی تەکنیکی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری".

سەبارەت بە دۆسیەی کەمپی "هۆل" جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق وتی، "پرۆسەی گەڕاندنەوەی خێزانەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە. لەمساڵدا بە 15 کاروان، 2954 خێزان و 3244 بەندکراو، وەرگیراونەتەوە".

سەبارەت بە دۆسیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، ئاماژە بە هەماهەنگیی بەردەوام کرا لەگەڵ لایەنی تورکی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دەرەئەنجامەکەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی "کەمپی مەخمور" و دەستپێکردنی پڕۆسەی چەککردن بووە بەپێی دیدگایەکی ئەمنیی هاوبەش.

لە تەوەری تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، ئامارەکانی ساڵی 2025 خرانە ڕوو، کە تێیدا هێزە عێراقییەکان 37 ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و 93 هێرشی ئاسمانییان ئەنجام داوە. ئەم چالاکییانە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 90 چەکداری ڕێکخراوی داعش، کە لەنێویاندا سەرکردەی باڵا هەبوون، دیارترینیان سەرکردەیەک بووە بە ناوی "ئەبو خەدیجە".

بەپێی وتەی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، ئەم دەستکەوتانە دەرەئەنجامی پەرەسەندنی توانای هەواڵگریی ناوخۆیی و چاودێریی ئاسمانی بووە، بە جۆرێک کاتژمێرەکانی فڕینی فڕۆکە هەواڵگرییە عێراقییەکان 9 هەزار کاتژمێری تێپەڕاندووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی کەمبوونەوەی هێزی هاوپەیمانان دروستبووە.


PM:10:06:31/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت