یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز-

ئامادەکارییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم تەواو بوون. دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی عامر فایز وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەچێت.


ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانونی یەکەمی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە بێت، ئەمڕۆ پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش هەڵدەبژێردرێت.

بەپێی نەریتی سیاسیی عێراق، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی پێکهاتەی سوننەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سوننەکان لەسەر بەربژێرێک رێکنەکەوتوون. زۆرینەی سوننەکان هەیبەت حەلبوسییان وەکو بەربژێر دیاریکردووە، بەڵام هاوپەیمانیی عەزم (موسەنا سامەڕایی)ـیان بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە.

سەبارەت بە جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان د.شاخەوان عەبدوڵڵای بۆ پۆستی جێگری دووەم بەربژێر کردووە، بەڵام شیعەکان هێشتا بە فەرمی ناوی بەربژێری جێگری یەکەمیان رانەگەیاندووە.

بەپێی مادەی 72ی دەستووری عێراق، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.


AM:09:35:29/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت