سودانی: دەمەوێت ببمەوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق


وێستگەنیوز-

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ تەواوکردنی کارەکان دەیەوێت ببێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاماژە بەوەشدەکات، هەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "مەیادین" رایگەیاندووە، "بەرژەوەندی عێراق و گەلی عێراق لە پێشینەی کارەکانمانە، هەروەها سەروەری عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی و سەلامەتی گەلەکەی ئامانجمانە".

سودانی لەبارەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەڵێت، "چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریدەکات و لە پەرلەمانی عێراقیش دەنگی لەسەر دەدەرێت".

دەشڵێت، "دەمەوێت ببمەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، خولی دووەم تەنها خواستێکی تایبەتی خۆم نییە، بەڵکو ئامادەکارییە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و تەواوکردنی ئەو پرۆژانەی دەستمان پێکردووە".

لەبارەی گروپە چەکدارەکانەوە سودانی وتی، "داماڵینی چەکی گرووپەکان بڕیارێکی نیشتمانیی عێراقییە و بەشێکە لە بەرنامەی کارەکانمان، هاوکات گرووپە چەکدارەکانمان سەرپشک کردووە لە نێوان دوو بژاردەدا؛ یەکەمیان تێکەڵبوونە بە دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان و دووەمیشیان پەیڕەوکردنی رێبازی سیاسییە".

وتیشی، "بەغدا هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە نێوان ئێران و ئەمەریکا بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیان، هەروەها پێشنیازەکەمان داوەتە نوێنەری ئەمەریکا و نە لایەنی ئێرانی و نە لایەنی ئەمەریکی دژایەتییان بۆ گفتوگۆ نییە، هەرچەندە هەریەکەیان مەرج و رێکاری تایبەت بە خۆیان هەیە".


AM:09:38:28/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو