سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ دواى ئازاد كردنى قسە بۆ وێستگەنیوز دەكات: عێراق بەجێدەهێڵم
وێستگەنیوز-محەمەد فاتیح
سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەستگیر كرا و پاشان ئازاد كرد رایدەگەیەنێت، ئەگەر بارودۆخەكە بەمشێوەیە بمێنێتەوە من عێراق بەجێدەهێڵم.
عەلی عەبادی، سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەمڕۆ بەهۆی داكۆكیكردنم لە مافی هاوڵاتیان بڕیاری دەستگیركردنم لەلایەن دادوەرەوە بۆ دەرچووە و دەستگیر كرام و لە دوای لێكۆڵینەوە ئازادیان كردم".
دەشڵێت، "كاتێك خرامە گرتووخانەوە زیندانیكراوەكان وتیان: ئەگەر سەرۆكی مافی مرۆڤ دەستگیر بكرێت ئیتر ئێمە روو لە كوێ بكەین".
عەلی عەبادی، باسی لەوەشكرد "من لە بواری مافی مرۆڤ كار دەكەم و داكۆكی لە خەڵكی بەشخوراو دەكەم و دەستگیر دەكرێم ئەی ئەو بەشخوراوانە بۆ كوێ بڕۆن".
دوەپاتیشیكردەوە، "پێش دوو رۆژ نەتەوەیەكگرتووەكان خەڵاتیان كردم بەڵام كاتێك گەڕامەوە بۆ بەسرا دەستگیریان كردم، ئەگەر هەراسانكردنمان بەمجۆرە بەردەوام بێت و تەنگەتاومان بكەن و سەرۆك وەزیرانی عێراق چارەسەری ئەم بارودۆخە نەكات من عێراق بەجێدەهێڵم و دەڕۆم".
لەلایەكی دیكەوە سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ بەڵێنییدا بەردەوام بێت لە رێبازی داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ و ئازادی پاڵپشت بە یاسای نێودەوڵەتی و دەستوری عێراقی.
PM:05:40:21/12/2025
ئهم بابهته 208
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت