"کردنەوەی ناوەندێک لە کەرکوک و سەڵاحەدین بۆ پاڵپشتیکردنی زیانلێكەوتووان"


وێستگه‌نیوز-

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، راسپاردەی دەركرد بە کردنەوەی ناوەندێكی پێشکەوتوو بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لە کەرکووک و سەڵاحەدین.


فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "سودانی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی هاوڵاتیان و ئەو ناوچانەی کرد کە بەهۆی شەپۆلی بارانبارین و لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە و بووە هۆی نوقومبوونی هەندێكیان و هەندێكی تریشیان زەرەروزیانیان پێگەیشتووە".

ئاماژەشیكرد، "لە ئەنجامی ئەو لافاوانە ژمارەیەک هاوڵاتی گیریان خواردووە بەتایبەت لە پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدین و هەولێر و سلێمانی و ناوچەکانی تر".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "سودانی راسپاردەی دەركردووە بە كردنەوەی بارەگایەکی پێشکەوتوو لە رێگەی سەنتەری بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لە نێوان پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاح الدین".

بەپێی راگەیەندراوەكە، "سودانی راسپاردەی دەریشكردووە بۆ دابینكردنی فڕۆكە لە فەرماندەیی فڕۆکەوانی سوپا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی چۆڵکردن بە زووترین کات لەدوای باشتربوونی کەشوهەوا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کردنەوەی رێگاکان و چاککردنەوەی هەندێک پردی تێکچوو و دابینکردنی هەموو شتێک کە ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان لەو ناوچانە بکات".


PM:02:06:10/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت