وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان: بارانبارین لە هەندێک ناوچەدا 120 ملم-ى تێپەڕاندووە


وێستگه‌نیوز-

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق رایدەگەیەنێت، شەپۆلی ئێستای باران و لافاو دەرفەتێکە بۆ بەرزکردنەوەی یەدەگی ئاو دوای چەندین ساڵ لە وشکەساڵی.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەئێستادا عێراق شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ بەرزکردنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان دوای دابەزینیان لە وەرزەکانی پێشوودا.

روونیشیكردەوە، بارانبارین لە هەندێک ناوچەدا 120 ملم-ى تێپەڕاندووە و بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکور و باکووری رۆژهەڵاتی عێراق.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم بارانبارینە دەرفەتێکە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ سەرچاوە ئاوییەکان و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ئاودێری بۆ ناوچە کشتوکاڵییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان و بەتایبەت پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور.

دووپاتیشیكردەوە، ئەم شەپۆلی بارانبارین و لافاوە دەبێتە هۆی تەواوکردنی یەکەم ئاودێری بۆ وەرزی زستانی ئێستا و پاڵپشتی بەرهەمی کشتوکاڵی دەکات و کاریگەرییەکانی کەمی ئاو کەمدەکاتەوە.


AM:09:30:10/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت