سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ وێستگەنیوز: سودانی لە بەهێزترین كاندیدەكانمانە بۆ سەرۆكایەتی وەزیران


وێستگه‌نیوز – محەمەد فاتیح

سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرای كردووە، محەمەد شیاع سودانی بەهێزترین كاندیدیانە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.


رەحیم عبودی، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "محەمەد شیاع سودانی لە بەهێزترین كاندیدى چوارچێوەی هەماهەنگیيه بۆ پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران".

وتيشى، "لە روانگەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پۆستی سەرۆك وەزیران چەند مەرجێكی هەیە لەوانە بتوانێت لە بارودۆخی ناوخۆی عێراقدا رۆڵێكی بەرفراوانی هەبێت و پەرە بەو رۆڵە بدات نەك پاشەكشە بكات و بەرپرسیارێتی ئەوە دەكەوێتە ئەستۆی كە دووبارە متمانەبوون بگەڕێنێتەوە و ئەو دەنگدەرانەش بەدەستبهێنێت كە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا كرد".

باسی لەوەشكرد، "ئێمە لە ئەمڕۆدا لە بارودۆخێكی جێۆسیاسیداین لە ناوچەكە و بارودۆخەكە زۆر نالەبارە و دواجار ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت دەبێت كاریزمای بەهێزبێت و دەبێت ئەو توانایەی هەبێت كە لە گەڵ بەرژەوەندی و سەروەری و بڕیارەكاندا بگونجێت".

رەحیم عبودی، دووپاتیشیكردەوە، "چوارچێوەی هەماهەنگی لاری نییە لەوەی محەمەد شیاع سودانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرێت".


AM:11:07:03/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 24 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت