لەماوەی دوو رۆژدا عێراقییەکان بە چوار رووداوی دڵتەزێن تووشی شۆک بوون
وێستگەنیوز-
لەماوەی دوو رۆژدا عێراق چوار بەسەرهاتی تووندوتیژی خێزانی تۆقێنەری بەخۆوە بینی كە بوونە هۆی شۆكێكی گەورە لەنێو شەقامی عێراق.
بەپێی كەناڵی ئەلحەدەس ئەلعێراقیە، "له شاری سەدری بەغدا دایكێك كوڕەكەی خۆی لە ماڵەوە كوشتووە و جەستەی پارچە پارچە كردووە و ژنێكیش لە غەزالییەی بەغدا بەهۆی كێشەی خێزانییەوە پیاوەكەی خۆی بەدەم خەوەوە سەربڕیوە".
ئاشكراشی كرد، "لە دیوانییە پیاوێك ژنەكەی خۆی كوشتووە و بۆ ماوەی 13 رۆژ تاوانەكەی شاردووەتەوە، پێش ئەوەی ئاشكرا بكرێت، لە بەسراش پیاوێك بەهۆی كێشەی نێوانیان بە سەرین ژنەكەی خۆی خنكاندووە تاوەكو گیانی دەرچووە".
دەزگا ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەی بەپەلەیان دەستپێكردووە لەگەڵ هەموو ئەو تاوانبارانەی لە كوشتنەكانەوە تێوەگلاون و بەڵگە و شایتحاڵیان كۆكردەوە، لەبەرامبەر هۆشداریدان لە پەرەسەندنی توندوتیژی خێرانی لە عێراقدا.
بەپێی ناوەندی ستراتیجی مافی مرۆڤ، "ئاماری ئەنجومەنی دادی باڵا 13,857 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2024 تۆمار كردووە ".
لە ئامارەكەدا هاتووە، "لە 75%ی حاڵەتەكان دەستدرێژیكردنى مێردەكانن بەرامبەر بە ژنەكانیان و دەستدرێژی ژنەكانیش بۆ سەر پیاوەكانیان لە 17% بووە، دەستدرێژی دایك و باوكیش بۆ سەر منداڵەكانیان 6% بووە و توندوتیژیش دژ بە ساڵاچوان 2% بووە".
AM:11:25:01/12/2025
ئهم بابهته 56
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت