كۆمسیۆنی عێراق کاندیدێکی دەرچووی رێکخراوی بەدرى دوررخستەوە كە خەڵكی فریووداوە


وێستگەنیوز-

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کاندیدێکی دەرچووی رێکخراوی بەدرى دوورخستەوە كه بانگەشەی بۆ دامەزراندنی لیوایەکی حەشدی شەعبی کردبوو.


بەپێی نووسراوێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پەسەندکردنی کاندیدێکی دەرچووی رێکخراوی بەدری لە پارێزگای بەغدا بە ناوی موهەند خەزرەجی هەڵوەشاندەوە، بەهۆی پێشێلکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان.

بەگوێرەی نووسراوەكە، کە لەلایەن ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی کۆمسیارانەوە دەرچووە و واژۆی دکتۆر فەتاح محەمەد حوسێن سەعید، بڕیاردەری ئەنجوومەنەکەی لەسەرە، بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ، لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (46)ی ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە رۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2025 دەرچووە.

لە نووسراوەکەدا هاتووە ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی پەسەندکردنی کاندید (موهەنەد جەبار عەزاب سالم خەزرەجی) لەسەر لیستی رێکخراوی بەدر لە پارێزگای بەغدا، بەهۆی پێشێلکردنی بڕگەی سێیەمی ماددەی (7)ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان، ژمارە (12)ی ساڵی 2018ـی هەموارکراو.

ئاشكراشیكردووە، كاندیدەكە مەرجی باشیی رەفتار و هەڵسوکەوتی تێدا نەبووە، کە لە یاساکەدا هاتووە و بەو هۆیەوە دوورخراوەتەوە، هەروەها بڕگەی سێیەمی ماددەی (37)ی هەمان یاسا و رێساکانی هەڵسوکەوتی دەرچوو لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی پێشێل کردووە.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاریشدا به بلۆککردنی ئەو دەنگانەی کە بەربژێرەکە لە رۆژی دەنگداندا بەدەستی هێناوە لە چوارچێوەی ئەو لیستەی کە خۆی لێ کاندید کردووە و ئیدارەی هەڵبژاردنەکان راسپێردراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.

موهەند خەزرەجی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی دامەزراندنی لیوایەکی حەشدی شەعبی داوە و ناوی زۆر کەسی نووسیوە بۆ دامەزراندن، بەڵام دواتر دەرکەوتووە دروستکردنی لیواکە دوورە لە راستییەوە و تەنیا بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بانگەشەی بۆ کردووە و خەڵکی فریووداوە.


PM:04:07:25/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو