سەركردەیەكی رەوتی حیكمە بۆ وێستگەنیوز: چوارچێوەی هەماهەنگی تائێستا 6 كاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق


وێستگەنیوز- محەمەد فاتیح

سەركردەیەكی رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم ئاشكرای كردووە، نوری مالكی كاندیدی حزبی دەعوەیە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و بەكۆدەنگی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵنەبژێردراوە و تائێستا 6 كاندیدیمان هەیە.


رەحیم عبودی، سەركردە لە رەوتی حیكمە بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی تاوەكو ئێستا كۆدەنگی نییە لەسەر كەسایەتییەكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران".

ئاماژەشیكرد، "لایەنە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنكی ژمارەیەك كاندیدیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و حزبی دەعوەش نوری مالكی وەك كاندیدی حزبەكە پێشكەش كردووە و بەكۆدەنگی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵنەبژێردراوە".

دەشڵێت، "چوارچێوەی هەماهەنگی دید و ستراتیژیەكی تایبەتی هەیە و ئیشی لەسەر دەكات و چەند پێوەرێك و مەرجێكی داناوە بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق".

بەوتەی ئەو سەركردەیەی رەوتی حیكمە، "ژمارەی ئەو كەسایەتیانەی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە كاندیدكراون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران گەیشتووەتە 6 كەس و ئەگەری زیادبوونیشی هەیە".

دووپاتیشیكردەوە، "چوارچێوەی هەماهەنگی لە كۆتاییدا كاندیدێك یان دوو كاندید هەڵدەبژێرێت و دەیخاتە بەردەم دەنگدانی پەرلەمانی عێراقەوە و دەبێت كەسایەتییەكی بەهێزی هەبێت و بتوانێت بە سەركەووتوانە هەڵسووكەوت لەگەڵ ناوخۆ و دەرەوەی عێراقدا بكات".


PM:04:37:22/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت