وەزارەتی دارایی عێراق: لە ماوەی هەشت مانگدا پێنج ترلیۆن و 467 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان نێردراوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دارایی عێراق راپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی هەشت مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە قەبارەی کورتهێنان 13 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە.


لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە، کۆی خەرجییەکانی عێراق لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 87 ترلیۆن و 478 ملیار دیناری عێراقی، لەکاتێکدا کە داهاتی ئەو هەشت مانگە 73 ترلیۆن و 821 ملیار دینار بووە.

ئاماژە بەوەکراوە، داهاتی نانەوتی عێراق لە هەشت مانگدا تەنیا هەشت ترلیۆن و 555 ملیار دینار بووە، واتە داهاتی نانەوتی تەنیا %10ی کۆی داهاتەکانی عێراقی پێکهێناوە.

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، "خەرجی وەبەرهێنان لەناو کۆی خەرجییەکاندا تەنیا 13 ترلیۆن و 828 ملیار دینار بووە، بەڵام زیاتر لە 70 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی بووە".

بەپێی راپۆرتەکە بێت، لەماوەی ئەو هەشت مانگەدا تەنیا پێنج ترلیۆن و 467 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان نێردراوە.


PM:01:22:16/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت