کۆمسیۆنی عێراق: ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنین


وێستگەنیوز-

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرادەکات.


ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025، لە راگەیەندراوێکدا جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، "سەرجەم وێستگەکانی دەنگدان کە مابوونەوە، هەژمارکراون و ئەنجامەکانیان بە رێژەی 100% هاوتای ئەنجامی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەستی بوون".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمیسیۆن دەست دەکات بە هەژمارکردنی کورسییەکانی هەموو لایەنە سیاسییەکان، لەنێویاندا کورسییەکانی کۆتای ژنان و پێکهاتەکان".

جومانە غەلای وتی، "نووسینگەکانی پارێزگاکانی هەڵبژاردن دەستیان کردووە بە پێدانی شریتی ئەنجامەکان بە هاوپەیمانێتییەکان، پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکان".

وتیشی، "پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رابگەیەنرێت، دواتر کۆمیسیۆن بۆ ماوەی سێ رۆژ دەرگای تانەلێدان دەکاتەوە کە لە رۆژی دوای بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمیسیۆنەوە دەستپێدەکات".


AM:11:45:16/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت