راوێژكارێكی مالكی بۆ وێستگەنیوز: بڕیاری شیعە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لای چوارچێوەی هەماهەنگییە


وێستگەنیوز-محەمەد فاتیح

راوێژكارێكی نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشكرای كرد، بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ‌ هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات 120 كورسی بەدەستهێناوە.

عەباس موسەوی، راوێژكاری نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بەشداریكردنی ئەرێنی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەنگدانەوەی متمانەی هاوڵاتییانە بە پڕۆسەی سیاسی و بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئاشكرا چوارچێوەی هەماهەنگی باشترینی بەدەستهێناوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رێكەوتوون لەسەر ئەوەی بەناوی گەورەترین فراكسیۆنەوە بڕۆنە ناو پەرلەمانەوە و چوارچێوەی هەماهەنگیش نوێنەرایەتی بڕیاری شیعە دەكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق".

راوێژکارەکەی مالکی وتی، "وەبەرهێنانی سەروەری لە گرنگترین پێوەرەکان دەبێت بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆكی حكومەتی نوێ"، ‌ئەو قسانەشی بە ئەرێنی وەسفكردووە كە باس لە مانەوەی محەمەد شیاع سودانی دەكەن لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا.

وتيشى، "چوارچێوەی هەماهەنگی بەپێی لۆژیکی ژمارەکان کار ناکات، بەڵکو بەپێی لۆژیکی دیدگای سەرکەوتوو کار دەکات کە سەرکردەکانی پەسەندیان کردووە".

عەباس موسەوی دووپاتیشیكردەوە، "پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت لە كاری پێشینەی چوارچێوەی هەماهەنگییە كە بیر لە داهاتوو دەكاتەوە و هەوڵی جێگیركردنی پێوەری نوێ‌ دەدات لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا".


PM:07:52:14/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو