سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: داوا لە دەنگدەران و تەواوی هێزە ئەمنییەکان دەکەین بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و بە ئازادی و دادپەروەرانە دەنگ بدەن
وێستگەنیوز-
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بەبۆنەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردووە و داوا لە دەنگدەرانی عێراق و تەواوی هێزە ئەمنییەکان دەکەن کە چالاکانە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و بە ئازادی و دادپەروەرانە دەنگ بدەن.
ئەمڕۆ شەممە 8ی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، "گەل و وڵاتمان ئەمڕۆ لەبەردەم دەسکەوتێکی گەورەی نیشتمانیدا وەستاون، قۆناغێکی نوێ و گرنگ بەرەو بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان، لەڕێگەی سازکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە. ئەمەش پابەندبوونمان بە پرەنسیپی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات بە پێی رێکارە دەستووری و دیموکراسیەکان لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە دووپات دەکاتەوە".
ئاماژە بەوەکراوە، "لەم روانگەیەوە داوا لە دەنگدەرانی عێراق و تەواوی هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە چالاکانە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و بە ئازادی و دادپەروەرانە دەنگ بدەن لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بەمەش بەشداری دەکەن لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات".
سەرۆکایەتیی کۆمار دەڵێت، "بەشداری کارا و فراوان تاکە رێگەی ئێمەیە بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و پەرەپێدانی سیستمی سیاسیمان، دواجار دەبێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی نوێ و بەهێز و بەتوانا کە رەنگدانەوەی ویستی هاوڵاتییان بێت و پێداویستیەکانیان دابین بکات و یەکڕیزی و سەربەخۆیی و سەروەری عێراق بپارێزێت و پەیوەندییەکی دەستووری لەسەر بنەمای هاوکاری نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تر بنیات بنێت".
دەشڵێت، "نابێت ئەو قوربانییە بێئەندازەی گەلەکەمان و هێزە ئەمنییەکانمان- سوپا، پۆلیس، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی- لە پێناوی شکۆی وڵاتەکەیاندا، و ئەو شەهیدانەش لەبیر بکەین کە گیانیان لە پێناو ئەم دۆزە بەرزەدا بەخشی: بەرەو عێراقێکی ئازاد و بەهێز و سەربەخۆ کە گەلەکەی چێژ لە خۆشگوزەرانی ببینێت".
PM:07:38:08/11/2025
ئهم بابهته 188
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت