كۆمسیۆن ده‌ستپێكردنی ماوه‌ی بێده‌نگی هه‌ڵبژاردنی راگه‌یاند
وێستگه‌نیوز-
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، له كاتژمێر 7ی به‌یای ئه‌مڕۆ شه‌ممه 8ی تشرینی دووه‌می 2025ه‌وه ماوه‌ی بێده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستپێده‌كات.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م هاوپه‌یمانییه‌كان و لایه‌نه‌كان و كاندیده‌كان كراوه، كۆمسیۆن رایگه‌یاندووه كه ماوه‌ی بێده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێویستی به راگرتنی هه‌موو چالاكییه‌كانی بانگه‌شه‌كردنه له‌لایه‌ن كاندیده‌كان یان لایه‌نه‌كانه‌وه كه ئامانجیان به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی ده‌نگده‌رانه. له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌موو چالاكییه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كاندیده‌كانه‌وه قه‌ده‌غه‌یه.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه كه ئه‌ركی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له ماوه‌ی بێده‌نگیدا هۆشیاركردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌رانه ده‌رباره‌ی گرنگی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌بێ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه بۆ هیچ لایه‌نێكی سیاسی بكه‌ن.
كۆمسیۆن جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئامانج له ماوه‌ی بێده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كان دابینكردنی كه‌شێكی ئارام و بێلایه‌نه بۆ ده‌نگده‌ران، كه بتوانن به ئازادی و به هۆشیاری ته‌واوه‌وه بڕیاره‌كانیان بده‌ن.
بڕیاره سبەینێ یه‌كشه‌ممه هەڵبژاردنی تایبەت و رۆژی سێشەممە هەڵبژاردنی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بۆ خولی شه‌شه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی له سه‌رتاسه‌ری عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن له 3ی تشرینی یه‌كه‌می 2025 ده‌ستیپێكردووه و تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه به‌رده‌وام بوو.
ڕۆژێک پێشتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی حەوت هەزار و 768 کاندیدی پەسەند کرد بۆ کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمانی عێراق.
AM:08:47:08/11/2025
ئه‌م بابه‌ته 120
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت