محەمەد حەلبوسی: لە قۆناغی داهاتوو نامانەوێت چەك لەبری دەوڵەت قسەمان لەگەڵ بكات
وێستگهنیوز-
سەرۆكی حزبی تەقەدوم پێی وایە، بڕیار بەدەست دەبن لە یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ سوننەكان و دەیانەوێت لە قۆناغی داهاتوو قسە لەگەڵ دەوڵەتێكی دامەزراوییدا بكەن.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی عەرەبییە رایگەیاندووە، بەهۆی بارودۆخی سیاسی و بارودۆخی عێراق بەگشتی و چاوەڕوانی گۆمەڵگە بۆ راستكردنەوەی هەندێك له رێگاكان لەگەڵ بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازتر دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو.
ئاماژەشی كردووە، مەبەست لە لابردنی من لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، دوورخستنەوەی حزبی تەقدوم بوو لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەمان بوو.
وتيشى، كار لەسەر ئەوە دەكەین ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانمان زیاتر بكەین و پەیامێكم گەیاندووە بە نەیارانمان ئەگەر بێتوو واهەست بكەن كە حزبی تەقەدوم بەهۆی هەوڵە بەردەوامەكانتانەوە بتوانن لاوازی بكەن، قسەیەكی ترمان دەبێت لەگەڵتان .
دەشڵێت، روون و ئاشكرایە هەوڵ هەیە لەناوخۆی عێراق و دەروەی عێراق بۆ زیندووكردنەوەی دژایەتیكردنی حزبی تەقدوم.
محەمەد حەلبوسی ئاشكراشی كردووە، ئێمە لە قۆناغی داهاتوو دەوڵەتی دامەزراوییمان دەوێت و نامانەوێت چەك لەبری دەوڵەت قسەمان لەگەڵ بكات، بەڵكو دەبێت دەوڵەت قسەمان لەگەڵ بكات و دەبێت گفتوگۆ و وتوێژ لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتدا بێت و دەبێت سنوور بۆ ئەو بزووتنەوانە دابنرێت كە زیانێكی زۆریان بە دەوڵەتی عێراق گەیاندووە و دەبێت كۆنتڕۆڵ بكرێن.
دووپاتیشیكردەوە، هەر وەك چۆن مافی شیعەكان دەپارێزین بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، دەبێت دوای ئەوان رێز لە پێكهاتەی عەرەبی سوننە بگیرێت و مافیان پارێزراو بێت و خۆمان پۆستی سەرۆك پەرلەمانی عێراق و سەرۆك كۆماری عێراق ه یەكلایی دەكەینەوە و بەپێی قەبارەی دەنگەكانمان هیچ شتێك بەبێ رەزامەندی حزبی تەقدوم و سەرۆكی حزبی تەقەدوم تێپەڕ نابێت.
AM:11:51:06/11/2025
ئهم بابهته 104
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت