كۆمسیۆن بۆ وێستگەنیوز: زیاتر لە 20 ملیۆن و 63 هەزار كەس بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن


وێستگه‌نیوز –

سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق، دووپاتی کردەوە کە کۆمسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تەواوکردووە و زیاتر لە 20 ملیۆن و 63 هەزار كەس بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن.


عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند کۆمسیۆن 72 کاتژمێر پێش کاتی دەنگدان دەست بە دابەشکردنی کەرەستەی لۆجستی دەکات و سەرجەم پلان و راهێنانەكان بەپێی خشتەی دیاریکراو تەواو بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووه، دەنگدانی تایبەت یەکشەممەی داهاتوو لە کاتژمێر 7:00 بەیانی تا 6:00 ئێوارە ئەنجام دەدرێت، بە بەشداری نزیکەی 1,113,773 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان، لەگەڵ بیست و شەش هەزار و پێنج سەد ئاوارە و سەرجەم بنکەکانی دەنگدانيش بە کامێرا چاودێری دەکرێن.

باسی لەوەشكردووە، دەنگدانی گشتی رۆژی سێشەممە رێكەوتی 11ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی نیزكەی بیست ملیۆن و شەست و سێ هەزار و نۆ سەد و هەشتا دەنگدەر.

دەشڵێت، کۆمسیۆن ناوەندی راگەیاندنی لە سەرجەم پارێزگاکان دامەزراندووە بۆ پەخشکردنی راستەوخۆی هەڵبژاردنەکان و لیژنەی باڵای ئەمنی پلانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتایی پێهێناوە و قەدەغەی هاتووچۆ نابێت لە رۆژی هەڵبژاردندا و بە رۆژێکی ئاسایی هەژمار دەکرێت.




AM:10:15:06/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت