ناوەندی نەخیل: عێراق لە پێشەنگی وڵاتاندايه لە بەهەدەردانی خوێنی رۆژنامەنووسان
وێستگەنیوز_
لە رۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزای تاوانەکانی دژ بە رۆژنامەنووسان، ناوەندی نەخیل بۆ ماف و ئازادی رۆژنامەگەری، یادی هەزاران قوربانی لە عێراق دەکاتەوە، لە شەهیدانی رۆژنامەگەری و وشە و هەڵوێست، کە تا ئێستا بکوژەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە.
ناوەندی نەخیل بۆ ماف و ئازادی رۆژنامەگەری لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی تشرین، كە زیاتر لە 600 شەهید و هەزاران بریندار و کەمئەندامی لێكەوتەوە، 30 رۆژنامەنووس و چالاکوانيش لەو خۆپیشاندانانەدا تیرۆر كراون.
ئاماژەشی كردووە، تا ئێستاش هیچ حکوومەتێکی عێراق، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی رانەگەیاندووە، بەتایبەتی حکومەتی ئێستا کە بەڵێنی داوە لە بەرنامە وەزاریەکەیدا تاوانباران ئاشکرا بکات، سەرەڕای نزیکەی 2700 دۆسیەی تاوانکاری چارەسەرنەکراوی پەیوەست بە کوشتن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، كه دەکەونە چوارچێوەی دەربازبوون لە سزاوه لە عێراقدا.
ناوەندەكە ئاشكراشی كردووە، لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا، نزیکەی 100 رۆژنامەنووس لە عێراق کوژراون و هێشتا 11 حاڵەت هەیە کە 10 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە بەبێ ئەوەی یەكلایی بكرێتەوە، ئەمەش عێراق دەخاتە پلەی حەوتەم لە جیهاندا لە پێوەرەکانی دەربازبوون لە سزا، سەبارەت بە كەیسی رۆژنامەنووسان.
داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆی تاوانی کوشتنی 10 رۆژنامەنووس نۆ کەسیان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناكەن و لە 41% رۆژنامەنووسان پێش تیرۆرکردنیان هەڕەشەیان لێدەکرێت.
بەگوێرەی داتاکانی یونسکۆ، عێراق و سۆماڵ و سوریا و باشووری سودان لە پێشەنگی جیهاندان لە پێوەری دەربازبوون لە سزا، لەکاتێکدا 73%ی رۆژنامەنووسانی ژن رایانگەیاندووە، کە بەهۆی کارەکانیانەوە رووبەڕووی هەڕەشە و تۆقاندن دەبنەوە لە رێگای ئەنتەرنێتەوە.
AM:12:00:03/11/2025
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت