حكومەتی عێراق وەڵامی راگەیەندراوەكەی نێردەكەی ترەمپ دەداتەوە
وێستگەنیوز-
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق دووپاتی کردەوە، کە ئەمریکا زیاتر لە بەیاننامەیەک و لە بۆنەیەکدا ستایشی سەقامگیری عێراقی كردووە و پاڵپشتی خۆی بۆ سەروەرییەكەی دەبڕیوە.
باسم عەوادی بە كەناڵی عێراقییەی راگەیاندووە، لە بەرژەوەندی عێراقدایە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكان لە نێویاندا ئەمریكا پتەوتر بكات.
دەشڵێت، لێدوانەكەی ساڤانا، نێردەی نوێی ئەمەریکا بۆ عێراق، یەکەم لێدوانی فەرمییەتی دوای وەرگرتنی دۆسیەی عێراق لەناو کۆشکی سپیدا، پێویست بوو دید و تێڕوانینی خۆی بەرامبەر عێراق دەرببڕێت، بەو پێیەی بووەتە کەسی راستەوخۆی بەرپرسیار لەم دۆسیەیە لە ئیدارەی ئەمەریکادا.
ئاماژەشی كردووە، دۆسیەی عێراق پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ و مامەڵەکردنێکی ورد هەیە لەگەڵ وردەکارییەکانی، بەهۆی تێکەڵبوونی بوارى سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە، ساڤانا دیدێکی ئەرێنی بەرامبەر عێراق و حکومەتەکەی دەربڕی، ئەمەش رەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی پەرەسەندووە لەناو ئیدارەی ئەمریکادا بۆ سروشتی دیمەنی عێراق.
روونیشیكردەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا چەندین جار ستایشی حکومەتی عێراقیان كردووە، لەوانە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و یاریدەدەری وەزیری وزە کە گرێبەستیان لە بواری نەوتدا لەگەڵ عێراق واژۆ كرد.
جەختیشیکردەوە، کە ئەم هەڵوێستە ئەرێنیانە لە ئەنجامی کار و هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتدا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا هاتووەته ئاراوه بۆ چەسپاندنی سەربەخۆیی بڕیاردانی نیشتمانی و بەرزکردنەوەی هاوسەنگی لە سیاسەتی دەرەوەدا.
وتەبێژەكەی حكومەتی عێراق هێمای بۆ ئەوەش کرد، کە پاراستنی سەروەری نیشتمانی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە رێگای یەک هاوسەنگییەوە بەدەست دێت، کە ئەویش بەرژەوەندی نیشتمانی عێراقە و بڕیارەکانی حکومەتيش لەسەر ئەم بنەمایە سەرچاوەی گرتووە، دوور لە هەست و سۆز یان لایەنگری.
وتيشى، سەرۆک وەزیرانیش دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بەكاردەهێنێت، بە شێوەیەک کە دەستکەوتی ئابووری و ئەمنی و وەبەرهێنان و کولتووری بۆ وڵات مسۆگەر بکات.
عەوادی ئاشكراشی كرد، کە لە بەرژەوەندی عێراقدایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و کاریگەر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پتەوتر بکات، لە سەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی لە ژێر رۆشنایی بوونی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی، کە سەرۆک وەزیران لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ واشنتۆن جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت لە رێگای لیژنە هاوبەشە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانەوە کارا بکرێت.
PM:10:27:31/10/2025
ئهم بابهته 324
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت