عێراق رێکاری نوێ بۆ هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل دەگرێتەبەر
وێستگەنیوز-
وەزارەتی پلاندانانی عێراق گۆڕانکاری لە مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەکات و بەپێی مەرجەکانیش لە ساڵی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت.
فەیاز محەمەد عەبد، سەرۆکی دەزگای کۆنتڕۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، "لە دەستپێکی ساڵی نوێوە عێراق بەهیچ شێوەیەک رێگە نادات بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتووی سووتاو نووقمبوو و ئەو ئۆتۆمبێلانەی تووشی رووداو و زیانی گەورە بوون".
ئاماژەی بەوەکرد، "پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەکرێن لەگەڵ پێداویستییەکانی کەشوهەوای عێراق گونجاوبن و مەرجی رەنگ، جۆری ئۆتۆمبێل و وڵاتی بەرهەمهێن گرنگ نییە".
سەرۆکی دەزگای کۆنتڕۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، "کاتێک بازرگانێک هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی عێراق دەکات، دەبێت هەموو زانیارییەکانی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە سیستەمێکی تایبەت بە وەزارەتیی پلاندانان تۆمار بکات".
دەشڵێت، "لە رێگەی بەشی ئۆتۆمبێلەکانەوە لە دەزگای ناوەندیی چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکرێت، هەروەها دوای پشکنین و دڵنیابوون لە گونجانی ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵ ستانداردی عێراقیدا، رێگەی پێدەدرێت لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوەبکرێت".
PM:08:20:31/10/2025
ئهم بابهته 1068
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت