گۆڤارێكی ئەمریكی: هێزی ئاسمانی عێراق نزیکە لە کۆتا ریزبەندی هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتانی جیهان


وێستگه‌نیوز_

گۆڤارێكی ئەمریكی دەڵێت، هێزە ئاسمانییەكانی عێراق لە دواهەمین پلەكانی جیهانیدایە و پلەی دەیەمیشی گرتووە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی.

بەپێی پۆلێنکردنی گۆڤاری CEOWORLDـی ئەمریكی بۆ ساڵی 2025، كە هەڵسانگاندنی تواناكانی هێزی ئاسمانی چەندین وڵاتی جیهانی جیاوازی گرتووەتەوە، هێزە ئاسمانییەكانی عێراق دواهەمین پلەكانی بەدەستهێناوە.

لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشكردووە، پۆلێنكردنەكە پشتی بەستووە بە چەند ستانداردێك كە ژمارەی فڕۆكە جەنگییەكان و گواستنەوە و مەشقكردن دەگرێتەوە، لەگەڵ توانای تەكنەلۆجی و ئاستی ئامادەباشی و تازەبوونەوە، كە بۆ 79 دەوڵەت ئەنجام دراوە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لەسەر ئاستی جیهان ئەمریكا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، رووسیا پلەی دووەم، هیندستان سێیەم، دواتر چین لە ریزبەندی چوارەمدایە و ژاپۆنیش پێنجەمە.

لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەكانیش، سعودیە لە سەرووی لیستەكەدا دەبینرێت، پاشان میسر لە پلەی دووەمدایە، پلەی سێیەمیش جەزائیرە، چوارەم ئیمارات و ئوردنیش لە پلەی پێنجەم دێت.

وەك لە گۆڤارە ئەمریكییەكەدا پۆلێن كراوە، عێراق لەسەر ئاستی جیهان پلەی 74ی گرتووە و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش پلەی دەیەمی بەدەستهێناوە.


PM:02:54:21/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت