سودانی: لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکین بۆ داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز-

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، چارەسەری کێشەی نەوتمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە، ئاماژە بەوەشدەکات، لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکن بۆ داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان.


ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووسی عەرەبی و بیانی رایگەیاند، "دۆخی دارایی و ئابووری عێراق لە باشترین ئاستیدایە، هەروەها ئەو کورتهێنانەی کە هەیە بۆ سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتی پێشووتر دەگەڕێتەوە، کورتهێنانی دارایی لە بودجەدا بۆ (34) ترلیۆن دینارە".

ئاماژەی بەوەکرد، "هاوڵاتیان هاوبەشێکی گرنگن لە نەخشاندنی داهاتووی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و بەشداریکردنی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکان وادەکات هەر حکومەتێک کە دروستبێت بڕیاری گرنگ بدات".

سودانی باسی لە کێشەکانی هەرێم کرد و وتی، "کێشەی نەوتمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر کردووە، لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکین بۆ داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان و هەوڵدەدەین چارەسەری داهاتی نانەوتی کاریگەری لەسەر بەردەوامیی خەرجکردنی مووچە نەبێت".

وتیشی، "بنکەی عەین ئەسەد لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدایە، هەروەها تیرۆریستانی داعش مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق دروست ناکات".

راشیگەیاند، "باڵیۆزخانەکانی عێراق و سوریا لە بەغدا و دیمەشق کار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکەن، هەروەها هاوکاری و هەماهەنگی ئەمنیمان هەیە بۆ بەدواداچوونی داعش و چەتەکانی ماددەی هۆشبەر".

سودانی دەڵێت، "پشتیوانی لە دیالۆگ لەگەڵ ئێران دەکەین دوور لە سیاسەتی فشار، چونکە هیچ سوود و ئەنجامێکی نابێت بۆ رێککەوتن، سەقامگیریش گرنگە بۆ وڵاتانی ناوچەکە کە نوێنەرایەتیی هەرێمی جیهان دەکەن لە رووی وزەوە".

دەشڵێت، "دانانی نێردراوێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق هەنگاوێکی گرنگە، بەتایبەتی کە کەسێکی رەسەنی عێراقییە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە ئەرکەکەیدا".

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە فەلەستین کرد و ئاماژەی بەوەدا، "چارەسەرنەكردنی كێشەی فەلەستین مانای بەردەوامی ناسەقامگیری و ئاڵۆزییە لە ناوچەكە و گەلی فەلەستین چارەنووسی خۆیان لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و قودسی پایتەختەكەی خۆیان یەکلایی دەكەنەوە".


PM:09:22:20/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت