بانکی ناوەندیی عێراق 11 رێنمایی نوێی بۆ مامەڵەکانی گومرگی و دارایی دەرکرد


وێستگەنیوز-

بانکی ناوەندیی عێراق بە مەبەستی بە ئەلیکترۆنیکردن و نوێکردنەوەی سیستەمی گومرگی و چاودێریکردنی زیاتری مامەڵەی دارایی نێودەوڵەتی، کۆمەڵێک رێنمایی نوێی دەرکرد.


د. دیاری شێخ جەلال، راوێژکاریی دارایی و بانکی لەبارەی گشتاندنێکی بانکی ناوەندیی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بانکی ناوەندیی عێراق بە مەبەستی بە ئەلیکترۆنیکردن و نوێکردنەوەی سیستەمی گومرگی و چاودێریکردنی زیاتری مامەڵەی دارایی نێودەوڵەتی لە رۆژی 14-10-2025 گشتاندنێکی دەرکردووە کە عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق واژۆی لەسەرکردووە و ئاڕاستەی سەرجەم بانکە مۆڵەت پێدراوەکانی عێراق کراوە.

ئاماژەی بەوەکرد، "لە گشتاندنەکەدا هاتووە بە پشتبەستن بە نووسراوی وەزارەتی دارایی/دەستەی گشتیی گومرگەکان سەبارەت بە پرۆژەی نیشتمانیی بەئەلیکترۆنیکردن و نوێکردنەوەی گومرگەکان، بە ژمارە (58/18س/5856) لە 02-09-2025 و گشتاندنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (569) بۆ ساڵی 2025، هەروەها بە پشتبەستن بە گشتاندنی خۆیان ژمارە (952/س/46) لە 20-08-2025، بڕیارەکانیان داوە".


د. دیاری شێخ جەلال دەڵێت، بڕیارەکان ئەمانەن:

یەکەم: پسووڵە بازرگانیی پێویست بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، دەبێت ئەم زانیارییانەی خوارەوە لە خۆ بگرێت:

1. رێکەوت و ژمارەی پسووڵە.
2. مەرجەکانی پارەدان.
3. مەرجەکانی گواستنەوەی بار.
4. نرخ و دراوی پسوولە.
5. کۆدی هاوئاهەنگیی گومرگیی جیهانی (کە نابێت لە شەش ژمارە کەمتر بێت).
6. ناونیشانی هاوردەکار و هەناردەکار.
7. ناساندنێکی وردی کاڵاکان.
8. وڵاتی بەرهەمهێنەری کاڵاکان.
9. مارکەی بازرگانی.
10. بڕ و یەکەی پێوان.
11. نرخی یەکە و کۆی گشتیی نرخ.

دووەم: پەسەندکردنی ئەم جۆرە پسووڵانە:

- پسووڵەی بازرگانیی کۆتایی.

- پسووڵەی سەرەتایی لەگەڵ گرێبەستی کڕین، بە مەرجێک پسوولەی کۆتایی هەموو زانیارییەکانی پسوولەی سەرەتایی لە خۆ بگرێت.

سێیەم: پەسەندکردنی پسووڵەکان لە پرۆسەکانی گواستنەوەی دارایی و پاکتاوکردنی گومرگی لە 01-11-2025ەوە دەستپێدەکات.


PM:12:06:19/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت