سوودانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەبارەی کوژرانی سەفا مەشهەدانی پێکهێنا


وێستگەنیوز_

بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی،سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی کوژرانی سەفا مەشهەدانی، کاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا پێکهات.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی 10ـی 2025، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای نیوەشەو، بۆمبێکی لکێندراو کە لەژێر ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاهۆ دانرابوو، تەقییەوە. ئۆتۆمبێلەکەی سەفا حوسێن یاسین مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە گەڕەکی زوبات لە قەزای تارمییەی باکووری بەغدا، تەقێندراوەتەوە و لە ئەنجامدا، مەشهەدانی گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش کە لەگەڵیدا بوون بریندار بوون."
 
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، "بە فەرمانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، تیمێکی کاریی هاوبەشی هونەریی تاوانکاری و لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا پێکهێنراوە بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی رووداوەکە."

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، لە بارەی کوژرانی یەکێک لە کاندیدانی لیستەکەی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: بە دڵێکی خەمبار و پڕ لە ئازار و توڕەیی، بە هاووڵاتیان ڕادەگەیەنین، برای خۆشەویستمان سەفا مەشهەدانی یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی سیادە و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، بە دەستیێکی ڕەش تیرۆر کرا.

دەشڵێت: ئەم ڕووداوە نوێیەش لە لیستی ئەو ڕووداوانەیە کە پێشووتر بەرامبەر بە دەنگە جیاوازەکانی نیشتمانەکەمان لە سەر دەستی تیرۆریستان ئەنجامدراوە.

بە وتەی خەمیس خەنجەر، ئەوان لە بەرامبەر خوێنی مەشهەدانی بێ دەنگ نابن، بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت لە دەستی کەسانی ڕێگەپێنەدراو، پێویستە حکومەتیش تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بکاتەوە، دەبێت یاسا سەروەر بێت.


PM:03:17:15/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو