هاتووچۆی عێراق: ئۆتۆمبێلەكانی کوردستانیش سەرپێچی دەیانگرێتەوە


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گشتی عێراق، دووپاتی کردەوە، سەرپێچی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەكانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە تۆمار دەكرێت و هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەرێم هەیە سەبارەت بە تۆمارکردنی سەرپێچی و وەرگرتنی غەرامە.


عەمید نەسیر عەبدولسەتار، بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گشتی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی راگەیاند، سەرپێچی ئۆتۆمبێلەکانى هەرێمی کوردستان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە تۆمار دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەغدا بە فیعلی دەستیکردووە بە تۆمارکردنی غەرامەی هاتووچۆ بۆ سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان، تەنانەت ئەوانەی تابلۆی هەرێمی کوردستانیان لەسەرە.

وتيشى، کۆبوونەوە و چاوپێكەوتن و هاوکاری له نێوان عێراق و هەرێم هەیە، تا دەگەینە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە تۆمارکردنی سەرپێچی و وەرگرتنی غەرامە لە نێوان بەغدا و پارێزگاکانى ديكه و هەرێم و بەپێچەوانەشەوە.
ئاشكراشی كرد، ئەنجام و رێککەوتنەکانی ئەو کۆبوونەوانە، لە رۆژانی داهاتوودا رادەگەیەنرێن.


PM:12:22:12/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت