نەبیل مەرسومی: عێراق ڕووبەڕووی كورتهێنانێكی دارایی گەورە بووەتەوە و کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کردووە
وێستگهنیوز_
پسپۆرێكی ئابووری عێراقی ئاشكرای كرد، عێراق ڕووبەڕووی كورتنهێنانێكی دارایی گەورە بووەتەوە و چاوەڕێی داهاتی نەوت دەكات، بۆ دابەشكردنی مووچەى فەرمانبەرەكانی.
د.نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابووری عێراقی بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند، بەهۆی زیادبوونێكی زۆر لە خەرجییە گشتییەكان و پاشەكشەیەكی بەرچاو لە داهاتى نەوت، كە لە 90% داهاتە گشتییەكانی عێراق پێكدەهێنێت، كورتهێنانێكی دارایی گەورە هەیە لە بودجەی عێراقدا و تاكو ناوەڕاستی ئەمساڵ 2025 گەیشتووەتە زیاتر لە 12 ترلیۆن دینار.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم كورتهێنانە كاریگەری خستە سەر مووچەی خانەنشینان و بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەریەك دواكەوت، بەهۆی نەگەیشتنی پارەی نەوتەكە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ عێراق.
بە وتەی نەبیل مەرسومی، عێراق خاوەنی سندوقی سەروەری خۆی نییە تاكو پارەی لێ ڕابكێشێت، لەبەرئەوە پارەی زیادە لە وەزارەتی دارایی عێراقدا لەبەردەستدا نییە، تاكو پشتی پێ ببەسترێت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران.
دەشڵێت، بەشێوەیەكی زۆر پشت بە داهاتى نەوت دەبەسترێت و هەرچ كاتێك بگاته حكومەتى عێراقی مووچە دابەش دەكات و كاتێكیش تۆزێك دوا بكەوێت، دەست دەكات بە قەرزی ناوخۆیی.
بە بۆچوونی ئەو شارەزایە، ئەم بارودۆخە زۆر بەردەوام نابێت و ڕەنگە دوای هەڵبژاردنەكان عێراق ناچار بكات، چەند بڕیارێكی دڵتەزێن بدات و ڕەنگە كەمكردنەوەیەكی گەورەی خەرجییە گشتییەكان لەنێو ئەو بڕیارانەدا بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی عێراق پەنا دەباتە بەر گۆڕانكاريكردن لە نرخی فەرمی دراوی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، تاكو بتوانێت پێداویستییە سەرەكییەكان دابین بكات، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، كە دەگاتە نزیكەی 90 ترلیۆن دینار لە مانگێكدا.
PM:12:01:06/10/2025
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت