جومانە غەلای: هێمایەکی تایبەت لەنێو کاغەزەکانی دەنگدان دادەنرێت کە ساختەکردنی ئەستەمە


وێستگەنیوز-

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 23 ملیۆن کاغەزی دەنگدانی چاپکراوە، ئاماژە بەوەشدەکات، هێمایەکی تایبەت لەنێو کاغەزەکانی دەنگدان دادەنرێت کە ساختەکردنی ئەستەمە.


ئەمڕۆ شەممە، 20ی ئەیلولی 2025، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا ژمارەی کاغەزە چاپکراوەکانی دەنگدانی گشتی گەیشتووەتە 22,046,200 کاغەز و بۆ دەنگدانی تایبەتیش 1,509,300 کاغەز چاپکراوە، جگە لەوەی کە کاغەزی یەدەگیش دابین دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کاغەزەکان بەپێی ستانداردی ئەمنیی تووندوتۆڵ چاپکراون، کە نیشانەی ئەمنیی شاراوە، مەرەکەبی تایبەت کە تەنیا بە ئامێر و پشکنینی تایبەت ئاشکرا دەکرێن، لەگەڵ تایبەتمەندیی دژە لەبەرگرتنەوە لەخۆدەگرن".

وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق وتی، "هێمایەکی تایبەت لەنێو کاغەزەکانی دەنگدان دادەنرێت، هاوشێوەی ئەو هێمایانەیە لەنێو کاغەزی دراوەکان دان و ساختەکردنیان ئەستەمە، ئەمەش بۆ سەلامەتیی پرۆسەی دەنگدانە".

وتیشی، "رێژەی چاپکردن گەیشتووەتە %50 تاوەکو پێش وادەی هەڵبژاردن، پرۆسەی چاپکردنی کاغەزەکان تەواو دەکرێتو کاغەزەکان لە وڵاتی ئیمارات چاپ دەکرێن".


PM:11:33:20/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت