سودانی: داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی فراوانی ئیسلامی دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییەکان
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئەیلولی 2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشداری کرد لە لوتکەی بەپەلەی عەرەبی ئیسلامی کرد و وتارێکی پێشکەش کرد.
محەمەد شیاع سودانی لەمیانەی وتارەکەیدا رایگەیاند، "عێراق ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکاتە ئامانج ".
سودانی جەختی لەوەکردەوە، هێرش بۆ سەر وڵاتی قەتەر نوێنەرایەتی پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات و هەڕەشە لە هەوڵەکانی نەهێشتنی قەیرانەکانی ناوچەکە دەکات.
ئاماژەی بەوەکرد، "داوا دەکەین هەر بەئامانجگرتنێکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی هاوبەشی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و پێویستە هەنگاوی دیپلۆماسی هاوئاهەنگ و ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە".
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، "داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی فراوانی ئیسلامی دەکەین، کە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەخۆبگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییەکان کە گەلانمان رووبەڕووی دەبێتەوە".
وتیشی، "پێکهێنانی گروپێکی پەیوەندی عەرەبی - ئیسلامی گرنگە بۆ قسەکردن لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا بۆ گەیاندنی هەڵوێستی خۆمان و بەرگریکردن لە مافەکانی گەلانمان".
لەمیانەی وتارەکەیدا سودانی باسی لە ئاگربەستی غەززە کرد و ئاماژەی بەوەدا، "پێویستە داڕشتنی نەخشەڕێگەی گشتگیر بۆ ئاگربەست لە غەززە بە سەرپەرشتی نێودەوڵەتی، دواتر بەرنامەی ئاوەدانکردنەوە لەژێر ئیدارەی هاوبەشی نەتەوەیی و عەرەبیدا دەستپێبکات".
راشیگەیاند، "دەسەڵاتی داگیرکەر بناغەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات و بە ئەنقەست ململانێکانی ناوچەکە فراوانتر دەکات".
ئەوەشی خستەڕوو، "بەردەوامی سیاسەتەکانی برسێتی و کۆمەڵکوژی لە غەززە دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی سووڕی تووندوتیژی و ئاژاوەگێڕی و بەدەستنەهێنانی ئاسایش بۆ هیچ لایەنێک، هەروەها ئەو تووندوتیژی و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و تێکدانی ژێرخان کە لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا ڕوودەدات، مەینەتی مرۆڤی پێشبینی نەکراوی دروستکردووە".
سودانی هۆشداریدا لەوەی کە تەواوی سیستمی نێودەوڵەتی تووشی شکستێکی مەترسیدار بێت لەگەڵ بەردەوامبوونی رەفتاری تاوانکاریی دەستدرێژیکردن بەبێ لێپرسینەوە.
PM:05:30:15/09/2025
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت