د. قه‌یس ئه‌لكیلابی: پێویسته مووچه‌ی مامۆستایان له مووچه‌ی ئه‌فسه‌ران و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه زیاتر بێت
وێستگه‌نیوز-
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی دووه‌می كه‌رخ رایگه‌یاند كه پێویسته مووچه‌ی مامۆستایان له مووچه‌ی ئه‌فسه‌ران و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه زیاتر بێت.
د. قه‌یس ئه‌لكیلابی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی دووه‌می كه‌رخی سه‌ر به وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ده‌ڵێت: "پێویسته مووچه‌ی مامۆستایان له مووچه‌ی ئه‌فسه‌ران و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارانیش زیاتر بێت...".
ئه‌و به‌رپرسه په‌روه‌رده‌ییه‌ی عێراق باس له‌وه ده‌كات كه "مامۆستایان ئه‌ركی باشكردنی وڵاتیان له ئه‌ستۆدایه، ئه‌گه‌ر ئیمتیازاته‌كانی خۆی به شێوازێكی راست به‌ده‌ستبهێنێت و ئیشه‌كه‌ی خۆی خۆش بوێت و به‌یانی كه ده‌چێته سه‌ر كار ئاسووده بێت و له كۆتایی مانگ مووچه‌یه‌ك وه‌ربگرێت كه سه‌ربه‌رزانه بیژێنێت و یه‌كه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، ئه‌دایه‌كی باشی ده‌بێت، به‌وشێوه‌یه‌ش تۆی هاوڵاتی منداڵه‌كانت پێویستیان به مامۆستا و وانه‌ی تایبه‌ت نابێت و دوای 5 بۆ 10 ساڵی تر ئه‌م وڵاته وه‌كو وڵاتانی سه‌نگافوره و مالیزیا و وڵاتانی تر پێشده‌كه‌ون."
وتیشی: "پێویسته ئێمه بایه‌خ به وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بده‌ین و به وه‌زاره‌تێكی سیادی بزانین و ئه‌وه‌ی ده‌بێته وه‌زیر ده‌بێت جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بێت".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه له ئێستادا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق كه زیاتر له ملیۆنێك و 150 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری هه‌یه و پێنج له‌سه‌ر یه‌كی فه‌رمانبه‌رانی عێراق له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ن، وه‌زاره‌تێكی سیادی نییه.
د. قه‌یس ئه‌لكیلابی راشیگه‌یاند كه "وه‌به‌رهێنان له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا زیان نییه، چونكه له ساڵانی داهاتوودا وڵات لێی سوودمه‌ند ده‌بێت".
PM:11:50:14/09/2025
ئه‌م بابه‌ته 436
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت