بڕیاری دوورخستنەوەی راکان جبوری لە کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق پەسەند کرا


وێستگەنیوز_

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە بڕیارێکدا دەڵێت، دەستەکە لە رۆژی 9ـی ئەیلولی 2025 واتا ئەمڕۆ سێشەممە، لەسەر تانەیەکی پێشکەشکراو لەلایەن راکان سەعید جبوری، سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک کۆبووەتەوە.

راکان جبوری، لە تانەکەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کردووە، لە رۆژی 24ـی ئابی رابردوو، کە بڕیاری دوورخستنەوەی دابوو لە کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، سەبارەت بە تانەکەی جبوری دەڵێت، بڕیاری دوورخستنەوەی لە لایەن کۆمیسیۆنەوە راستە و یاساییە، چونکە پێشتر ناوبراو بەگوێرەى ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی سزادراوە.

ماددەی 340 لە یاسای سزادان، بەگوێرەى یاسای دەستەی دەستپاکی و یاسای بەدەستهێنانی سامان بەشێوەی نایاسایی، بە تاوانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی دادەنرێت.

دووپاتیشی کردووەتەوە کە، بەگوێرەى ماددەی حەوت بڕگەی سێیەم لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، مەرجە کاندید لە هیچ دۆسییەیەکی گەندەڵیدا تێوە نەگلابێت و سزانەدرابێت، ئەمەش هۆکارە بۆ دوورخستنەوەی راکان جبوری.

دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، بە رێککەوتن بڕیاریداوە "دوورخستنەوەی راکان جبوری لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە پەسەند بکات".

راکان جبوری، پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە وەکالەت؛ ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکەیە و رۆژی 15ـی تەمموزی رابردوو، لەلایەن دادگای کەرخەوە بە ساڵێک بەندکردن سزادرا، بەڵام جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ راگیرا.


PM:08:07:09/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو