ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئەیلولی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و پرسی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەرێکی کۆبوونەوەکە دەبێت.
بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق راپۆرتی هەردوو شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم و عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوت بەرێتە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە و گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت.
دوێنێ دووشەممە 8ی ئەیلولی 2025، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لێک نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە لەسەر داهاتی ناوخۆ".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی لێکتێگەیشتنەکان بێت وا رێککەوتووین ئەو داهاتی ناوخۆی بە یاسا هی هەرێمی کوردستانە بۆ ناوخۆی هەرێم بێت، ئەوانەی کە بە یاسا بە داهاتی عێراق هەژمار دەکرێن پەنجا بە پەنجا بێت".
رێباز حەملان وتی، " لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتنێک کراوە لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت، ئەو رێککەوتنە نێردراوە بۆ حکومەتی عێراق بۆی رەزامەندی لەسەر بدات".
وتیشی، "چاوەڕوانین ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری رێککەوتن لە داهات بدات، چونکە مووچەی مانگەکانی 7و 8 وەستاوە لەسەر ئەم رێککەوتنە".
AM:09:16:09/09/2025
ئهم بابهته 1016
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت