راوێژکاری سوودانی: مانگی داهاتوو ئەرکی شاندی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەغدا و عەین ئەسەد کۆتایی دێت
وێستگەنیوز_
راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت: ئەرکی شاندی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەغدا و عەین ئەسەد، لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، "حکومەتی عێراق پابەندە بە کارنامە حکومییەکەیەوە لە رێگەی بنیادنانی هێزە چەکدارەکان و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵیاندا، بۆ پەیوەندییەکی بەرگریی دووقۆڵیی سەقامگیر، کە لەژێر ڕۆشنایی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکاندا بەڕێوە دەچێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا گەیشتە ڕێککەوتنێک، دەربارەی کۆتاییهێنانی ئەرکی هاوپەیمانان بە گوێرەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو لە ساڵانی 2025 و 2026ـدا. ئەم رێککەوتنەش، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بارەگای شاندەکە لە بەغدا و بنکەی عەین ئەسەد، لە ئەیلولی 2025 کۆتایی پێ دەهێنێت، قۆناغی نوێی هاریکاریی ئەمنی لە بواری ڕاوێژکاریی و بنیادنانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەستپێدەکات.
هەروەها، "ئەمە دیدگای حکومەتی عێراقە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە هەموو بوارەکان بگرێتەوە، بە بواری ئەمنیشەوە."
بە وتەی راوێژکاری سوودانی، ئەمە نیشانەی پابەندبوونی حکومەتی عێراقە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە سەبارەت بە کۆتاییهێنانی ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییەکان بەرەو پەیوەندیی دووقۆڵی و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق- ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ پەیوەندییەکی ئاسایی؛ هەروەها سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان لەژێر چەتری رێککەوتنە ستراتیجییەکاندا، هەروەک چۆن بە پێی ڕێککەوتنی ستراتیجی لە نێوان کۆماری عێراق و ئەمریکادا هەیە."
لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد، "ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەیلوولی 2026 کۆتاییان دێت".
PM:04:32:17/08/2025
ئهم بابهته 212
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت