وەزیری دەرەوەی عێراق: كاری بەغدا نییە مووچە بدات بە فەرمانبەرانی هەرێم


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، كورد لەسەر بنەمای دەستور لێكدانەوە بۆ كێشەكان دەكات، ئاماژە بەوەشدەکات، چارەسەری هەمیشەیی بۆ رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا دەبێت لەڕێگەی یاسای نەوت و غازە بێت.


فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "الشمس" رایگەیاند، "لەڕووی دەستوورییەوە، كاری بەغدا نییە مووچە بدات بە فەرمانبەرانی هەرێم، دەبێت پشكی هەرێم بنێرێت، ئەو كارە پەیوەستە بە حكومەتی هەرێم، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات دەستدرێژییە بۆ سەر دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لێكگەیشتنێكی روون هەیە لەبارەی رادەستكردنی نەوت بە بەغدا، ئەمە چارەسەرێکی کاتییە و تاکۆتایی ئەمساڵە، چارەسەری هەمیشەیی دەبێت لە رێگەی یاسای نەوت و غازە بێت".

فوئاد حسێن لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتی، "کورد لەسەر بنەمای دەستوور لێكدانەوە بۆ كێشەكان دەكات، دەستوور نا ناوەندی و فیدراڵییە، لە بەغداش پشتیان بە یاساكان بەستووە، زۆرینەی یاساكانیش یاسای كۆنن و ناوەندین".

وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانی جەختی لەوەکردەوە، "عێراق نایەوێت ببێتە بەشێک لە بەرەکانی جەنگ، یەکخستنی بەرەکانی جەنگ کاری ئەوانی ترە نەک عێراق".


AM:08:39:17/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت