بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەیڕەوی سندوقی خانەنشینی هەڵوەشایەوە


وێستگەنیوز-

بە بڕیاری فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەیڕەوی سندوقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە (4)ی ساڵی 2008ی هەڵوەشێندرایەوە.


ئەو بڕیارە، کە لە دوایین ژمارەی رۆژنامەی وەقایعی عێراقیدا بڵاوکراوەتەوە، بە واتای نەمانی سندوقەکە نایەت، بەڵکو رێکخستنەوەیەکی کارگێڕییە بۆ یەکخستنی ئەرکەکانی.

بەپێی بڕیاری ژمارە 551ی ساڵی 2025 ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر دەرکردنی پەیڕەوی ژمارە (8)ی ساڵی 2025 کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی پەیڕەوە کۆنەکەی ساڵی 2008.

لە مادەی یەکەمی پەیڕەوە نوێیەکەدا هاتووە کە "پەیڕەوی سندوقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە (4)ی ساڵی 2008 و سەرجەم رێنماییە دەرچووەکانی بەپێی ئەو پەیڕەوە هەڵدەوەشێنرێنەوە".

هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە، وەک لە مادەی دووەمی پەیڕەوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، رێخۆشکردنە بۆ جێبەجێکردنی "پەیڕەوی ناوخۆیی دابەشکاریی پێکهاتەکانی دەستەی گشتیی خانەنشینی و ئەرکەکانی" کە پەیڕەوێکی نوێیە و کاری پێدەکرێت.

پەیڕەوە نوێیەکە کۆتایی بە کاری سندوقە کۆنەکە دەهێنێت و بەڕێوەبردنی کاروباری خانەنشینی راستەوخۆ دەخاتە ژێر سەرپەرشتیی "دەستەی گشتیی خانەنشینی"یەوە لە چوارچێوەی پێکهاتە نوێیەکەیدا.


AM:10:44:12/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 7608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت