مالیکی: تەندروستیم زۆر باشە و هیچ کاریگەرییەکی نەخۆشییەکەم لەسەر نەماوە
وێستگەنیوز_
دوای نزیکەی هەفتەیەک لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پەیامێکی دەنگی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئێستا تەندروستی زۆر باشە. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دەنگۆی مردنی ناوبراو لە چەند میدیایەکی عێراق بڵاوبووەوە.
رۆژی 29ـی تەمووزی 2025، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە. دواتر، بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان، "نەشتەرگەریی قەستەرە و باڵۆن بۆ نووری مالیکی کرا و نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی تەواوبوو."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، نووری مالیکی پەیامێکی دەنگی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "سوپاس بۆ خودای گەورە کە تەندروستی پێ بەخشیمەوە دوای ئەوەی تووشی نەخۆشییەک بووم و بە سەلامەتی تێپەڕی. سوپاس بۆ خودا، ئێستا تەندروستیم زۆر باشە. سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو برا و خوشکانە دەکەم کە هەواڵیان پرسیم و پەیوەندییان پێوە کردم یان لە نەخۆشخانە لەگەڵم مانەوە. سوپاسیان دەکەم بۆ میهرەبانییان و بۆ ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیان کە خۆشەویستی و برایەتی و پەرۆشیی خۆیان دەربڕی."
وتیشی: "دەمەوێت بەوانە بڵێم کە دڵیان خۆش بوو بەم رووداوە؛ نەخۆشی هی ئەوە نییە کەس دڵی پێ خۆش بێت. ئەو کەسانەی دڵیان خۆش بوو نیشانەی لاوازیی دەروونییانە. ئەوانەی درۆ دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان پێ دڵخۆش بکەن، پێیان دەڵێم تەندروستیم باشە و سوپاس بۆ خودا، ئێستا هیچ کاریگەرییەکی ئەو نەخۆشییەی تووشی بووم نەماوە، سوپاس بۆ خودا."
ئەمڕۆ دەنگۆی گیان لەدەستدانی نووری مالیكی، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و بەشێکی میدیا عێراقییەکانی تەنیبوو، بەڵام هەر ئەوکات هاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
PM:06:49:03/08/2025
ئهم بابهته 380
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت