سبەی دادگای فیدراڵی تاوتوێی سێ سکاڵای تایبەت بە مووچە و پرۆژەی رووناکی دەکات


وێستگەنیوز_

بڕیارە سبەی دووشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سێ سکاڵای تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران و پڕۆژەی رووناکی تاوتوێ بکات. دوو لە سکاڵاکان داوای بەردەوامیی ناردنی مووچە دەکەن و سێیەمیشیان داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی رووناکی دەکات.
 
دوو لە سکاڵاکان لەلایەن ژمارەیەک هاوڵاتییەوە لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری داراییی عێراق تۆمارکراون. داوا دەکەن دادگا بڕیار بدات کە وەزارەتی داراییی عێراق پابەند بکرێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام و مانگانە، بەبێ ئەوەی بکرێتە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان یان ناکۆکی لەسەر یاسای بودجە.
 
هاوکات، یەکێک لە سکاڵاکان داوای دەرکردنی فەرمانی وەلائی (فەرمان سالاری) دەکات بۆ پابەندکردنی وەزارەتی دارایی بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی تاوەکو دۆسییەکە بە یەکجاری یەکلایی دەکرێتەوە.
 
هەردوو سکاڵا پێشتر لە رۆژی 14ی ئەم مانگە دانیشتنیان لەسەر کرا و بۆ 28ی مانگ دواخرا.
 
هەروەها سێیەم سکاڵا لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. سکاڵاکە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە پڕۆژەی  "پڕۆژەی رووناکی" کارەبای 24 کاتژمێری، ئەو سکاڵایەش رۆژی 20ی ئەم مانگە دانیشتنی لەسەر کرا و بۆ سبەی دواخرا.


PM:03:47:27/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو