کۆمسیۆنی عێراق: بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان لە رۆژی هەڵبژاردن پێویستمان بە 250 هەزار کارمەندە
وێستگەنیوز-
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستیان بە 250 هەزار کارمەندە بۆ سەر سندوقی دەنگدان بۆ رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تەموزی 2025، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی میدیایدا رایگەیاند، "کۆمیسیۆن پێویستی بە 250 هەزار کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدانە بۆ رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".
بەپێی ئەو وادەیە بێت کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکردووە، پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان تاوەکو 1ی ئابی 2025، بەردەوام دەبێت و تائێستاش زیاتر لە 750 هەزار داواکاری پێشکەشکراوە.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەداوە، "نزیکەی 8 هەزار و 788 ناوەندی دەنگدان بۆ رۆژی هەڵبژاردن هەن، ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانیش 40 هەزار و 819 وێستگەیە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، بەڵام ئەمە تەنها ئامارێکی سەرەتاییە و ئەگەری گۆڕانکاری هەیە".
بەپێی ئەو وادەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریکردووە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
AM:11:32:27/07/2025
ئهم بابهته 376
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت